Back

ⓘ تورکیا بە فەرمی بە کۆماری تورکیا ناسراوە، دەوڵەتێکە بەشە گەورەکەی دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای ئاسیا و بەشە بچووکەکەی تری دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا. خاکی تورکیا گ ..



                                               

ھەوڵی کودەتا لە تورکیا (٢٠١٦)

لە ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦، ھەوڵی کردنی کودەتایەک درا لە تورکیا. ئەم ھەوڵی کودەتایە پستڕاستکرایەوە لەلایەن سەرۆک وەزیران بینالی یڵدرم و سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەییب ئەردۆغان. کودەتاکە لەلایەن بەشێکی ھێزەکانی سوپای تورکیا ئەنجام درا، ڕێکخەرانی کودەتاکە دروستبوونی ئەنجوومەنی ئاشتیان ڕاگەیاند کە ھەڵدەستێت بە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی تورکیا. لە ئەنقەرە بۆمب لە ھەریەک لە پەرلەمان و کۆشکی سەرۆکایەتی تەقییەوە. ئەردۆغان بانگی خەڵکی کرد کە بچنە سەر شەقامەکان لە دژی ھەوڵی کودەتاکە. لە ئەنجامی ئەمەشدا تێکەڵچوون دروستووە لەنێوان سەربازانی پشتگیریکەری کودەتا و ئەو کەسانەی ھەوڵیان داوە لێیان نزیک ببنەوە. دەنگی تەقە بیس ...

                                               

تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و تورکیاوە (٢٠١١)

تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئێران و تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١١ ، بریتییە لە بۆردومانی گوند و چیاکانی ھەرێمی کوردستان بە تۆپ و فرۆکەی جەنگییەوە بە بیانووی بوونی گەریلا و بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان. ئەم تۆپبارانە لە ڕێکەوتی ١٦ی تەمموزی ٢٠١١ لە لایەن ئێرانەوە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی پژاک دەستیپێکرد و دوای مانگێک لە ڕێکەوتی ١٧ی ئابی ٢٠١١، تورکیاش، بە فرۆکە جەنگییەکانییەوە پاش چەند کاتژمێر لە کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە نزیک سنوورەکانی عێراق، دەستی بە بۆردوومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.

                                               

خۆکوشتن لە تورکیا

خۆکوشتن لە تورکیا ئاماری خۆکوشتن لە تورکیا لە نێوان ساڵەکانی ۲۰۰۲ بۆ ۲۰۱٨ دا ٥۰ هەزار و ۳۷٨ کەس لە تورکیا خۆیان کوشتووە باوترین هۆکاری خۆکوژی لە تورکیا نەخۆشیە.

                                               

ھەڵبژاردنی گشتیی تورکیا (حوزەیرانی ٢٠١٥)

ھەڵبژاردنی گشتی تورکیای ٢٠١٥ ئەو ھەڵبژاردنەیە لەڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی ھەڵبژاردنی ٥٥٠ ئەندام پەرلەمان بۆ پەرلەمانی تورکیا. ئەم ھەڵبژاردنە ٢٤ەمین ھەڵبژاردنی گشتیی و ٢٥ەمین ھەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی تورکیا. ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ حیزبێک کۆبکاتەوە تاوەکوو حکوومەت پێکبهێنێت وە دوای هەڵبژاردنیش حیزبەکان نەیانتوانی بەیەکەوە بگەنە ئەنجامێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەش بۆیە هەڵبژاردنەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥ دووبارەکرایەوە.

                                               

ڕێ (فیلم)

فیلمی ڕێ فیلمێکی ١٩٨٢ی تورکییە. لەلایەن هەریەکە لە یەڵماز گونەی و شەریف گۆرین دەرهێنراوە. ئەم فیلمه له ڤیستیڤالی فیلمی کان بووە براوەی خەڵاتی دارخورمای زێڕین. کاتێک یەڵماز له بەندی خانەدا بوو، شەریف گۆرین ئەم فیلمەی له سەر ڕێنوێنییەکانی یەڵماز چێ کرد. پاشان که یەڵماز له بەندی خۆی دەرباز دەکا؛ له سویس به سەر نیگاتیوی فیلمەکەدا دێتەوه. فیلمی "ڕێ" لە سەردەم، دۆخی تورکیا پشان دەدا لەدوای کودەتای ١٩٨٠ی وڵاتەکە، تێیدا چیرۆکی تاقمێک زیندانییه له تورکیا دا که پشووی دەرەوەی بەندی خانەیان دراوەتێ.

                                               

نەجمەدین ئەرباکان

"نەجمەدین ئەرباکان" ئەندازیار و سیاسەتمەداری تورکیە کە سەروکی پارتی رەفاە و سەروک وەزیری تورکیا لە نێوان ١٩٩٦ و ١٩٩٧ بوو، ھەروەھا کەسێکی ئیسلامگەرا بوو.

تورکیا
                                     

ⓘ تورکیا

تورکیا بە فەرمی بە کۆماری تورکیا ناسراوە، دەوڵەتێکە بەشە گەورەکەی دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای ئاسیا و بەشە بچووکەکەی تری دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا. خاکی تورکیا گەرووی بۆسفۆر و دەدردەنیل و دەریای مەڕمەڕە کە دەریای ڕەش بە دەریای ئێژەوە دەبەستێت، و ئاسیا بە ئەورووپا دەگەیەنێت، ئەمەش وایکردووە کە شوێنێکی ستراتیژی و کاریگەری ھەبێت لەسەر ئەو دەوڵەتانەی بەسەر دەریای ڕەشدا دەڕوانن. تورکیا لە ڕۆژھەڵاتەوە ھاوسنوورە لەگەڵ گورجستان، ئێران، ئەرمەنستان و ئازەربایجان، لە باشوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ عێراق، سووریا و دەریای ناوین، و سنووری دەریاییی ھەیە لەگەڵ قوبرس، دەریای ئێژە، یۆنان و بولگاریا لە ڕۆژاواوە، و دەریای ڕەش لە باکوورەوە، و ئەندامی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئابووریی دەریای ڕەشە.

تورکیا ناوەندی حوکمی عوسمانی بووە تا ساڵی ١٩٢٢ و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ز.

                                     

1. ناونان

ناوی تورکیا لە وشەی تورکەوە وەرگیراوە، تورک ئەو ھۆزە بوون لە تورکیای ئێستادا ژیاون لە سەدەی شەشی زایینییەوە، و چینییەکان یەکەم کەس بوون کە ئەو ناوەیان بەکارھێنا بۆ ئەو خەڵکانەی لە باشووری شاخەکانی ئاڵتای ئەژیان لە ناوەڕاستی ئاسیادا.

                                     

2.1. مێژوو سەردەمە دێرینەکان

ئاسەوارناسەکانی تورکیا بەڵگەیەکیان دۆزییەوە کە ئاماژە بە بوونی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو دەکات لە شوێنی تورکیای ئێستادا لە ساڵی ٦٠٠٠ پێش زایینەوە، و بەپێی ئەوەی لە ڕووی مێژوویییەوە نووسراوە، ھیتییەکان بۆ یەکەم جار ئەم ناوچانەیان ئاوەدان کردووەتەوە، لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ پ. ز ھیتییەکان دەستیان بە کۆچکردن کرد لە ئەورووپا و ناوەڕاستی ئاسیاوە بۆ بەرزایییەکانی ئەنادۆڵ. دوای سەدان ساڵ ئەم ھیتییانە توانیان دەست بگرن بەسەر زۆربەی ناوچەکەدا، و لە ساڵی ١٥٠٠پ. ز توانیان ئیمپڕاتۆرییەتێکی بەھێز دابمەزرێنن و ببن بە یەکەم سەرکردەکانی ناوچەکە، دواتر بەشێکی فراوانی بەرزایییەکانی ئەنادۆڵ کەوتە دەستی فەریجی و لیدییەکان و ھەندێک کۆمەڵی‌تر، ئەمەش لە ماوەی نزیکەی ساڵی ١٢٠٠ تا ٥٠٠ پ. ز بوو، ھەر لە ھەمان ماوەدا یۆنانییەکان چەندین دەوڵەتی بچووکیان دروستکرد لەسەر کەنارەکانی دەریای ئێژە لە بەرزایییەکانی ئەنادۆڵدا.

و ئیمپڕاتۆری فارسی توانی دەسەڵاتی بکێشێت بەسەر ئەنادۆڵ و تراقیادا ھەتا گەیشتنی ئەسکەندەری مەزن، پاشای مەقدوونیا، ئەو کاتە سوپای فارس شکان لە ساڵی ٣٣١پ. ز، لە دوای مردنی ئەسکەندەری گەورە ساڵی ٣٢٣پ. ز ناوچەی ئەنادۆڵ بوو بە مەیدانی شەڕ و کوشتار لە زنجیرەی ئەو شەڕانەی جێنشینەکانی ئەسکەندەر ھەڵیانئەگیرساند، پاشان چەند مەمالیکێکی بچووک دامەزران ھەتا ساڵی ٦٣پ. ز، دواتر کۆتاییان پێھات کاتێک سەرکردەی بۆمبی دەستی گرت بەسەر ھەرێمەکەدا و کۆنتڕۆڵی کرد، لە دوای ئەوە بارودۆخەکە جێگیر بوو لەژێر دەسەڵاتی ڕۆمانییدا کە نزیکەی ٤٠٠ ساڵ بەردەوام بوو.

ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی، قوستەنتیین، کە حوکمی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ئەکرد لە ساڵی ٣٣٠ز، ھەستا بە گواستنەوەی پایتەخت لە ڕۆماوە بۆ یەکێک لە شارە دێرینەکان کە بە بیزەنتە ناودەبرا و ئەکەوتە ھەرێمی تراقیا. و ناوی پایتەخت گۆڕا لە بیزەنتەوە بۆ قوستەنتینییە ئەم شارە ئیستەنبوڵی ئێستایە، و ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی بوو بە دوو بەشەوە لە ساڵی ٣٩٥ز دا، یەکێکیان ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ڕۆژھەڵاتی بوو کە ناوچەکانی ئەنادۆڵ و تراقیای ئەگرتەوە، و بەشی دووەمیان ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ڕۆژئاوایی بوو. بەبەرەکان غەزووی ڕۆمانی ڕۆژئاواییان کرد و دەستیان بەسەردا گرت لە ناوەڕاستی سەدەی پێنجی زایینیدا، بەڵام ڕۆمانی ڕۆژھەڵاتی کە بە ئیمپڕاتۆری بیزەنتیش ناو دەبرا ماوەیەک گەشەسەندنی بەخۆوە بینی، و بیزەنتییەکان دەستیان بەسەر ھەموو ئەو ناوچانەدا گرتبوو کە ئێستا بە تورکیا ناسراون ھەتا کۆتایییەکانی سەدەی ١١ی زایینی.

                                     

2.2. مێژوو تورک و عوسمانییەکان

تورکە سەلجووقییەکان یەکەم ھۆزی تورکی بوون کە حوکمی تورکیایان کردووە، ھۆزێکی ئیسلام بوون لە ناوەڕاستەکانی ئاسیا لە ڕۆژھەڵاتی دەریای کاسپیەنەوە ھاتبوون، لە ناوەندی سەدەی ١١ی زایینی توانیان ئەرمەنستان و فەلەستین و زۆربەی ئێران بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و پاشان غەزووی ناوچەی ئەنادۆڵیان کرد، سالی ١٠٧١ توانیان زۆر لە بەھێزی دەرکەوتنی بیزەنتییەکان کەم بکەنەوە بە سەرکەوتنیان لە شەڕی مەڵازگرد، پاشان تورکە سەلجوقییەکان ئیمپڕاتۆرییەتێکیان دامەزراند کە قۆنیەی ئێستا پایتەختی بوو، لەو کاتەوە وردە ئایینی ئیسلام و زمانی تورکی ناوچەکانی ئەنادۆڵی گرتەوە لە جێگەی مەسیحییەت و زمانی یۆنانی، پاشان مەسیحییەکانی ئەورووپا ھەڵمەتە خاچپەرستییەکانیان دەست پێکرد بە مەبەستی داگیرکرنی قودس و لەم میانەیەشدا ئیمپڕاتۆڕی بیزەنتی توانی سێ یەکی ئەنادۆڵ بگیڕێتەوە بۆ خۆی، و ئیمپڕاتۆری سەلجوقی بەردەوام بوو تا ساڵی ١٢٤٣ز پاشان ڕووبەڕووی غەزووی مەغۆلەکان بوویەوە.

مەغۆل لاواز بوون بەھۆی ناکۆکی ناوخۆیییەوە پاشان داڕمان، لەم میانەیشدا دەسەڵاتی تورکی بەھێز بوو لە ئەنادۆڵدا، لە سەدەی ١٤ی زایینیدا لەسەر دەستی کۆمەڵێکی تورک دەوڵەتێکی بەھێز دامەزرا کە بە عوسمانییەکان ناسرابوون بە گەڕاندنەوە بۆ ناوی دامەزرێنەرەکەیان سوڵتان عوسمانی یەکەم، سالی ١٣٢٦ز بۆرسەیان گرت و کردیان بە پایتەخت بۆ دەوڵەتەکەیان، فراوانبوون دەستی پێکرد ھەتا دەستی گرت بەسەر ئیمپڕاتۆڕی بیزەنتی و بولگاریا و سربیا، پاشان ماوەیەک فراوانبوونەکەی وەستا بەھۆی تێکشکانی بایەزیدی یەکەم ناسراو بە ھەورە بروسکە لە ساڵی ١٤٠٢ز، ئەم شکانە ماوەیەکی پێکدادانی سیاسی بە دواداھات، پاشان دەوڵەتی عوسمانی ھاوسەنگییەکەی گەڕاندەوە و بەردەوام بوو لە فراوانبوون لە سەردەمی موڕادی دووەم دواتر سوڵتان محەممەد فاتیح، توانی فەتحی قوستەنتینیە بکات لە ساڵی ١٤٥٣ز و کردیان بە پایتەخت بۆ دەوڵەتەکەیان و ناوەکەی گۆڕی بۆ ئیسلامبول ئیتسەنبوڵی ئێستا و بەمەش کۆتایی بە بوونی بیزەنتی ھێنا لە ناوچەکەدا.

بەردەوام بوون لەسەر فراوانبوون و گەشەسەندن، لەسەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەمدا بە لای ڕۆژھەڵاتدا دەوڵەت فراوان بوو، سووریایان گرت لە ساڵی ١٥١٦ و میسر لە سالی ١٥١٧ و پاشان لە سەردەمی سوڵتان سولەیمان قانونی کە لە ئەورووپادا بە سولەیمانی مەزن ناسراوە دەوڵەت گەیشتە بەرزترین ئاستی و پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و سنووری دەوڵەتەکەی فراوان کرد، بەڵام دواتر چەند قۆناغێکی گەڕانە دواوەی بەخۆوە بینی ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن و چاکسازی تری ھەبوو، بەڵام لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ دۆخی پێشتری.



                                     

2.3. مێژوو کۆماری تورکیا

دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی پێھات و مستەفا کەمال ئەتاتورک بە تەواوی خەلافەتی ھەڵوەشاندەوە لە ساڵی ١٩٢٤ز و تورکیا لە دوای شەڕی جیھانی یەکەم بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بەخۆیەوە بینی کە ئەتاتورک سەرکردایەتی ئەکرد، دوای ئەوەی کۆماری تورکیا ڕاگەیەنرا و سەرۆکایەتییەکەی گرتە دەست لە ساڵی ١٩٢٣ز ھەتا مردنی لە ساڵی ١٩٣٨، و بنەما ئیسلامییەکانی گۆڕی بۆ عەلمانی و نوسینی لە تورکیا لە عەرەبییەوە گۆڕی بۆ زمانی لاتینی، پاشان لە دوای ئەوە عیسمەت یونیو دەسەڵاتی حوکمی گرتە دەست تا ساڵی ١٩٥٠ز، و بەدوایدا حوکمی شارستانی ئەھلی دەستی پێکرد تا ساڵی ١٩٧٣، پاشان سەربازەکان حوکمیان گرتە دەست، ئەمەش بوو بەھۆی بارودۆخێکی ناجێگیر لە تورکیادا و توندوتیژی سەری ھەڵدا لە ساڵی ١٩٨٠ز، و حکوومەتی تورکیا دووچاری ناڕەزایی کورد و ئەرمەن بویەوە.

                                     

3. جوگرافیا

ڕووبەری خاکەکانی تورکیا ئەگاتە ٧٧٩، ٤٥٢کم و ٩٧٪ی دەکەوێتە قاڕەی ئاسیاوە و ئەوەی تری دەکەوێتە ئەورووپاوە، ڕۆژئاوای تورکیا بەسەر ڕووباری ئێژەدا دەڕوانێت و باشووری بەسەر دەریای ناوین و سووریا و قوبرس دەڕوانێت و باکووریشی بەسەر دەریای ڕەشدا، ھاوسنوورە لەگەڵ ھەشت دەوڵەت ئەوانیش؛ عێراق و سووریا و ئێران و گورجستان و ئەرمەنستان و یۆنان و ئازەربایجان و بولگاریان.

لە تورکیادا چەندین سەرچاوە ھەن بۆ ئاوی سازگار لە ڕووبار و زرێچەکان، و زیاتر لە سێ یەکی ڕووبەرەکەی خاکی کشتوکاڵییە و دارستانەکان زیاتر لە چارەکێکی زەوییەکانی دادەپۆشن، و چەندین شاخی لە خۆگرتووە بەرزترینیان شاخی ئاراراتە بەرزییەکە ئەگاتە ٥١٣٧ مەتر، و تورکیا کۆنتڕۆڵی چەند دوورگەیەکی لەژێر دەستدایە زۆربەیان لە دەریای ئێژە و دەریای ناویندان و گرنگترینیان دوورگەی ئەمڕوزە ٢٧٩کم چوارگۆشەیە.

ھەروەھا لە تورکیادا ژمارەیەکی زۆر دەریای سوێر ھەیە، لەگەڵ چەندیین ڕووباردا، بەڵام زۆربەی ڕووبارەکان لە ھاویندا وشک دەبن، و ھاوینەکەی جیادەکرێتەوە بە پلەی گەرمای بەرز و وشکی، بەڵام لە وەرزی بەھاردا دۆڵەکانی زۆربەی ئەم ڕووبارانە پڕ دەبن لە ئاو کە لە تاڤگە و بەرزایییەکانەوە دەڕژێن لە دوای توانەوەی بەفری بەستووی سەر لوتکەکانیان.

زۆربەی ناوچەکانی دەکەونە تراقیا و بەشە کەنارییەکانی ئەنادۆڵ لە نزمایی و دەشتی سەوزی درێژەوەبوو پێک دێن، و تورکیا لە ڕووی سروشتییەوە دابەش دەبێت بۆ چوار ھەرێمی سروشتی کە ئەمانەی خوارەوەن؛

  • بەرزایییەکانی شاخەکانی باکوور؛ ھەروەھا پێی ئەوترێت ھەرێمی شاخەکانی بوونت، دەکەوێتە نێوان دەشتایییەکانی باکوور و بانەکانی ئەنادۆڵ.
  • دەشتایییەکانی ڕۆژھەڵات؛ ناوچەیەکی بێ پیت و شاخی بەرزی تیایە، ئەم ناوچەیە سنووری ھەرێمی دەشتایییەکانی ڕۆژاوا دەگرێتەوە تا سنووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا، و شاخی ئارارات دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە کەبەرزترین لوتکەی تورکیایە.
  • نزمایییەکانی نێوان دوو ڕووبار؛ دەشتی بە پیتن، دۆڵی ڕێڕەوی ڕووبارەکان دەگرێتەوە، دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژھەڵاتی بانی ئەنادۆڵەوە، دانەوێڵە و میوە لەم ناوچەیەدا ئەچێنرێت لەبەر بە پیتی خاکەکەی.
  • دەشتایییەکانی باکوور؛ ناوچەی تراقیا دەگرێتەوە، دەکەوێتە لەسەر کەناری دەریای ڕەش، سەوزەڵانێکی فراوانە کە لەبارە بۆ کشتوکاڵ و لەوەڕ، و جوتیارەکان میوە و گەنمەشامی و گوێز و توتنی تیا دەڕوێنن.
  • دۆڵەکانی ڕۆژئاوای باکوور؛ ئەمەش دۆڵی ڕووبارەکان دەگرێتەوە، کە بە فراوانی و بەپیتی جیادەکرێنەوە، درێژدەبێتەوە بە کەنارەکانی دەریای ئیجەدا، و ئەم ناوچەیە جۆ و گەنمەشامی و زەیتون و توتن و گەنم بەرھەم دەھێنێت، و دەستکەوتی ئەم ناوچەیە بە ئەندازەی دەستکەوتی ھەموو ھەرێمەکانی ترە.
  • بەرزایییەکانی شاخەکانی باشوور؛ زنجیرە شاخەکانی تراقیا و ھەندێک زنجیرە شاخی بچووکی تر دەگرێتەوە کە دەکەونە لای باشووری بانی ئەنادۆڵەوە.
  • دەشتایییەکانی باشوور؛ ھێڵێکی تەسکە لەسەر کەناری دەریای ناوین، و خۆڵەکەی بەپیتی جیادەکرێتەوە، بەرھەمی ھەمەجۆری ھەیە وەک دانەوێڵە و لۆکە و زەیتون.
  • بانی ڕۆژئاوای باشوور؛ لە چەند بان و دۆڵی ڕووباری جیاواز پێک دێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاستی دەشتی ئەنادۆڵەوە درێژدەبێتەوە، بارانی زۆر کەمە، و جۆ و گەنم ئەچێنرێت لە دۆڵەکاندا.
                                     

3.1. جوگرافیا کەش و ھەوا

کەش وھەوای تورکیا لە ھەرێمێکەوە بۆ ھەرێمێکی تر زۆر جیاوازە، لە ناوچەکانی تراقیا و کەنارەکانی دەکەونە باشوور و ڕۆژئاوای بانی ئەنادۆڵەوە، زستان ھاوسەنگ و باراناوییە و ھاوینیان زۆر گەرم و وشکە، پلەکانی گەرما لە ھاویندا دەگاتە ٣٢ پلەی سەدی لە کەنارەکانی دەریای ئێژەدا، بەڵام لە کەنارەکانی دەریای ڕەشدا ھاوین کەمتر گەرمە، و تێکڕای پلەی گەرما ٢٢ پلەی سەدییە.

تێکڕای باران بارینی ساڵانە لە ناوچە کەنارییەکانی ھەریەک لە دەریای ئیجە و دەریای ناوین لە نێوان ٥٠–٧٥سم، بەڵام ئەو ھەرێمانەی دەکەونە سەر دەریای ڕەش تێکڕای باران بارینییان ئەگاتە ٢٥٠سم لە ساڵێکدا.

وەرزی ھاوین ھاوسەنگە لە باکووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا لەکاتێکدا زستانی زۆر سەخت و ساردە، پلەی گەرما دەگاتە ٤٠ پلە لەژێر سفرەوە، بەڵام باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا و بەشەکانی ناوخۆی بەرزایییەکانی ئەنادۆڵ زستانیان زۆر ساردە لەگڵ ھەڵکردنی زریانی بەفری زۆر توند، وەرزی ھاوینیان گەرما و وشکە لەگەڵ بوونی ڕەشەبادا.

                                     

4. دیمۆگرافیا

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی تورکیا ٧٥٬٨٣٧٬٠٢٠ کەس بووە کە دەکاتە ١٫٠٥ لەسەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مام‌ناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە ٢٩٫٨ ساڵە. ھەروەھا ٧٤ لەسەدی دانیشتووانی وڵات لە شارەکان دەژین. لە تورکیادا دەیان نەژادی جیاواز دەژین کە ھۆکاری ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی کە ناوچەیەکی فراوانی ئەگرتەوە لە ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقادا، و حوکمی چەندین نەتەوەی کردووە، ئاماری فەڕمی نییە بۆ ژمارەی دانیشتووان بەپێی نەژاد، لەبەر ئەوەی حوکمەتی تورکیا بە چاوپۆشی لە نەژادیان، تورکیا بە وڵاتی تورک ھەژمار دەکات، کە ئەمەش ڕەت ئەکرێتەوە لەلایەن نەژادەکانی‌ترەوە بەتایبەتی کورد. بەپێی خەمڵاندن لەم بوارەدا، تورکەکان زۆرترین دانیشتووانی تورکیا دەگرنەوە کە دەگەنە ٦٦٪، پاشان کوردەکان بە ڕێژەی ٢٠٪ و دواتر زازا کە ھەر کوردن بەڵام بە دیالێکتێکی جیاواز ئەدوێن و ڕێژەیان ٥٫٧٪، و ڕێژەی عەرەب ١٪ وجەرکەس ٠٪، ٥ و جۆرجی ٠٫٥٪ و چەند کەمایەتییەکی تر ھەن وەک ئەرمەن و یۆنانی و ئاشوری و کلدان و بەنتی و بۆسنەیی و ئەلبانی و چیچانی بولگار و لازی و ئەوانیتر؛ و کەمایەتییە قەڕمی و تەتەری و ئەزەری و غاغازی و ئۆزبەگی و قیرغیزی و تورکمانی و کازاخی بە کەمایەتی تورکی ھەژمار ئەکرێن.



                                     

4.1. دیمۆگرافیا کۆچ نشین

چەندین کۆمەڵی کۆچکردووی گەورەی تورکی ھەیە لە دەرەوەی تورکیادا و زۆربەیان لە وڵاتەکانی یەکێتیی ئەورووپادا کۆدەبنەوە، بۆ نموونە گەورەترین کۆمەڵگەی کۆچ نشینی تورکیا لە ئەڵمانیایە، کە ژمارەیان ئەگاتە نزیکەی ٤ ملیۆن کەس، ھەروەک چەن کۆمەڵێکی کۆچکردووی تورکی گەورە ھەن لە وڵاتە یەکگرتووەکان و کەنەدا و ئوسترالیا.

                                     

4.2. دیمۆگرافیا زمان

زمانی فەرمی تورکیا، زمانی تورکییە، کە ٧١٪ دانیشتووانی وڵاتەکە پێی ئەدوێن و٢٪ ھێشتا بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن لە نێو ئەو تورکانەی بە ئەسڵ عەرەبن، و زمانەکانی تر زمانی کەمایەتییەکانی تری وڵاتەکەیە، وەک؛ ئارامی و ئەرمەنی و ئەلبانی و جۆرجی و یۆنانی و لازی و چەرکەسی. ھەروەھا زمانی تورکی چەندین دیالێکتی ھەیە، ئەگوڕێت بەپێی ئەو ناوچانەی دەوریان داون، زمانەکانی ئینگلیسی و ئەڵمانی و فەڕەنسی بڵاوە بە تایبەت لە نێو چینە بەرزەکاندا و لە شارە گەورەکاندا و لە ناوچە گەشت وگوزارییەکان، و زمانی ئەڵمانی بڵاوە لە نێو چینی کرێکارەکان، کە لە ڕۆژانێکدا لە ئەڵمانیا ئیشیان کردووە.

                                     

4.3. دیمۆگرافیا ئایین

زۆربەی دانیشتووانی تورکیا ئیسلامن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا عیلمانییە و ئاینێکی فەڕمی نییە ھەروەک دەستوری تورکی باوەڕی بە سەربەستی ئایین و بیروباوەڕ ھەیە، بەپێی ئامارەکان ٩٩٪ تورکیا موسڵمانن، لە نێو ئەمانیشدا ٨٥–٩٠٪ لەسەر مەزھەبی سوننەن و ١٠–١٥٪ پەیڕەوی شیعە دەکەن و ژمارەیان ئەگاتە ٧ بۆ ١٠ ملیۆن کەس، و ڕێژەی مەسیحییەت ٠٫١٪ کە زۆربەیان ئەرسەدۆکسین و ڕێژەی یەھودی ٠٫٠٤. ٪ جێبەجێبوونی عیلمانییەت لە تورکیا لە بیری کەمالییەوە ھاتووە کە ئەگەڕێتەوە بۆ کەمال ئەتاتورک، دامەزراوە ئیسلامییەکان و پیاوانی ئاینی ئەبرێن بەڕێوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئاینی کە ساڵی ١٩٢٤ دامەزرا، کە ھەڵدەستێت بە پاراستن و بنیاتنانەوەی ٧٥، ٠٠٠ مزگەوت لە وڵاتەکەدا، ڕێکخراوە ئایینییەکانی تر بە شێوەیەکی فەڕمی پاڵپشت ناکرێن بەڵام لە بەرامبەردا بەڕێوەبردنی خۆیی و ئازادی ئیشکردنیان ھەیە.

                                     

5.1. سیاسەت ڕژێمی سیاسی

دەوڵەتی تورکیا ڕژێمێکی سیاسی ھەیە کە وەک ڕێکخراوە دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوایە، و بە گشتی دابەش دەبێت بۆ یاسادانان و جێبەجێکردن و تەحقیق کەران، و وڵات ژیانی دیموکراسی بەخۆیەوە بینی دوای جێبەجێکردنی دەستوری ١٩٨٢ دوای چەند ساڵێک لە حوکمی سەربازی، مەجلیسی نەتەوەیی تورکی یان پەرلەمان Türkiye Büyük Millet Meclisiمەجلیسی یاسادانان پێک دەھێنێت، مەجلیسەکە پێک ھاتووە لە ٥٥٠ نوێنەر، ھەر پێنج ساڵ جارێک ھەڵئەبژێردرێن ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە، ھەموو ھاوڵاتییەکی دانیشتووی تورکیا مافی ھەڵبژاردنی ھەیە لە تەمەنی ھەژدە ساڵییەوە، بەرزترین ئاستی سیاسی لە وڵاتدا سەرۆکی دەوڵەتە، کە حەوت ساڵ جارێک لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، ڕێگە نادرێت بە دووبارە ھەڵبژاردنەوەی بەپێی دەستور، سەرۆکی دەوڵەت سەرۆکی پارتی سەرکەوتوو لە ھەڵبژاردندا ڕادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، تا ببێت بە سەرۆکی حکوومەت، پاشان سەرۆکی دەوڵەت ھەڵدەسێت بە قبوڵ کردن یان ڕەتکردنەوەی ئەندامەکانی حکوومەت، دادگای دەستوری بەرزترین دادگای تورکیایە، دادگا ھەڵدەسێت بە چێککردنی مەودای لەیەکچوونی یاسا دەرچووەکانی پەرلەمان لەگەڵ بەندەکانی دەستوردا.



                                     

5.2. سیاسەت کورتەیەکی مێژوویی

سوپای بەھێزی تورکیا-کە خۆی بە پارێزەری سیستەمی عیلمانی وڵات دەزانێ و ڕابردوێکی درێژی ھەیە لە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی ئەو وڵاتەدا. بەلام لەم ساڵانەی دواییدا کە ھەوڵەکانی تورکیا بۆ چونە ناو یەکێتیی ئەورووپا چڕتر بوونەتەوە ھەبوونی سوپا لە ژیانی سڤیلی تورکیا کەمتر بووە و دستێوەردانەکانیشی لەسیاسەتدا سنووردارتر کراوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە کاتی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ بە قوڵ بوونەوەی ململانێی نیوان عسلمانییەکان و پارتی داد و گەشەپێدان کە بە ئیسلامی بوون تۆمەتبار دەکرا، سوپا گومانی خستە سەرحکومەت دەربارەی پابەندنەبونی بە بنەماکانی عەلمانییەت و ھەرەشەشی کرد لەدەست کاروباری سیاسی وەربدات گەر سیستەمی عەلمانی تورکیا بکەوێتە مەترسیی.

لەگەڵ ئەوەشدا پارتی دادوگەشە پێدانی تورکیا کە ئێستا دەسەڵاتی تورکیای بەدەستەوەیە، بەردەوامە لە ململانێکانی لەگەڵ سوپا و توانیویەتی پشتیوانییەکی ناوخۆیی ودەرەکی فراوان دەستەبەر بکات بۆ سنووردار کردنی دەسەلاتی سوپا. حکوومەتی تورکیا توانی بۆجاری یەکەم لە مێژووی ولاتەکەیدا کۆمەڵێک ژەنراڵ و ئەفسەری ئێستا و پێشوی سوپای تورکیا بە بیانوی دەستوەردان لە کاروباری حکوومەت و ھەوڵدان بۆکودەتا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەرگەنەکۆندا ڕاپێچی دادگا بکات.

چارەنوسی دورگەی قوبرس و کێشەی سنوورەکانی لە دەریای ئێژە لەگەڵ وڵاتی یۆنان وەکوو یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکانی سیاسەتی دەرەوەیی ئەنقەرە وای کردووە بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو ولاتەدا ئاڵۆز بێت.

حکوومەتی تورکیا ماوەی زباتر لە ٥٤ ساڵە داوای کردووە ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بەلام تاوەکو ئێستا ئەو داواکارییەی پەسندنەکراوە و تەنیا لە ساڵی ١٩٩٩دا حکوومەتی ئەردۆگان توانی وڵاتەکەی بکاتە کاندیدی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا. یەکێتیی ئەورووپا داوای ھەندێک چاکسازی بنەڕەتی دەکات لە تورکیا لە بواری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا. سزای لەسێدارەدان لە تورکیا ھەڵگیراوە و ھەنگاوی جیدی بۆ نەھێشتنی ئەشکەنجە ھاوێژراون ھەروھا یاسای سزای وڵاتیش چاکسازی بەسەر ھاتووە. ھەندێک چاکسازی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمایەتییەکان و سیستەمی پەروەردە و بواری ڕاگەیاندن کراون. تورکیا تەنیا ٨٪ خاکی ولاتەکەی لە ئەورووپادایە. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا زیاتر لە دەیان ساڵە کە ئەندامی ڕێکخراوی ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆیە.

پاڵاوتنی عەبدوڵڵا گول -وەزیری دەرەوەی پێشو- لەلایەن پارتی داد وگەشەپێدانەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری دژایەتی توندی عیلمانییەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە. بەڵام لە ئاکام دا پاش چەند مانگ مشتومڕ لە ساڵی ٢٠٠٧ پارلەمانی تورکیا عەبدوڵا گولی وەک سەرۆک کۆمار و شوێنگرەوەی ئەحمەد نەجدەت سەزەر ھەڵبژارد. عەلمانییەکانی تورکیا نیگەران بوون لەوەی کە سەرۆک کۆمارێک بچێتە کۆشکی چانقایا کە ڕابردوویەکی ئیسلامیی ھەیە و خانمەکەیشی کە دەبێتە خانمی یەکەمی تورکیا لەچک بەسەر بێت. لەبەر ئەوە بەرپرسە باڵاکانی سوپا و پارتی گەلی کۆماری لە ئاھەنگی سوێند خواردنی گولدا بەشدار نەبوون. عەبدوڵا گول لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆگان و ھاوبیرەکانی لە ٢٠٠١ دا پارتێکی نوێیان بە ناوی پارتی داد و گەشەپێدان دامەزراند و ھەوڵیان دا لە ڕابردوی ئیسلامی خۆیان دورکەونەوە. ئەو پارتە پارتێکی سیاسییە و کەسانی لە ڕەوت و بیرکردنەوەی جیاواز لە دەورەی یەک کۆکردووەتەوە؛ و لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ دا سەرکەوتنی بەدەست ھێنا و عەبدوڵا گول بوو بە سەرۆک وەزیر. وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن گولەوە بەھۆی ئەوە بوو کە ئەوکاتە ئەردۆگان قەدەغەی وەرگرتنی پۆستی سیاسی لەسەر ھەبوو، سەرەتا گول بووە سەرۆک وەزیر تا ئەو کێشەیەی لەسەر ئەردۆگان ھەبوو کەوت دوای چەند مانگێک پاشان ئەردۆگان کاروباری سەرۆک وەزیرانی گرتە دەست.

                                     

5.3. سیاسەت سیاسەتی دەرەوە

تورکیا ھەوڵی بە ئەندام بوون دەدات لە یەکێتی ئەورووپادا لە دامەزراندنی یەکێتییەکەوە لە ساڵی ١٩٩٣، و بە فەرمی سیفەتی دەوڵەتێکی پاڵێوراوی وەرگرت لە ساڵی ١٩٩٩ و وتووێژی بە ئەندام بوون دەستی پێکرد ساڵی ٢٠٠٤، و ئەم باسە ئەندامەکانی ئێستای یەکێتی ئەورووپای دوو بەشن لەسەری، ھەندێکیان پشتگیری دەکەن و ئەوانی تر ڕەتی دەکەنەوە و دەڵێن تورکیا وڵاتێکی ئەوروپی نییە و بەشێکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیرییەوە جیاوازە لە مەرجەکانی بە ئەندامبوون، بەڵام لایەنگرەکانی ئەڵێن؛ کە ئەم بە ئەندامبوونە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیرۆکە توند وتیژەکان دەگرێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەک ئو ئاستە ئابورییە باشەی تورکیا ھەیەتی سوود بە ئابوری ئەورووپا ئەگەیەنێت، ئەو ئیشە باشانەی لە ئەنجامی ئەم ھەوڵەی تورکیا و ئەو مەرجانە یەکێتییەکە بۆی دانابوو کەوتەوە، کەمبوونەوەی کۆنتڕۆڵی سوپا بوو بەسەر سیاسەتی وڵات و گەشەکردنی ئازادییەکان و مافی مرۆڤ و بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستە بە مافی کەمایەتییەکان بە تایبەت کورد، ھەروەھا تورکیا ھەوڵێکی زۆری دا لەم دواییانەدا بۆ چارەسەری کێشەی قوبرس، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٤ دەستی گرتبوو بەسەر بەشی باکووریدا لەژێر ناوی پاراستنی مافی کەمایەتییە تورکییەکەی ئەوێ.

                                     

5.4. سیاسەت پەیوەندی تورکی عەرەبی

لە ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەوە و دوای ئەوەی وڵاتە عەرەبییەکان دابەش کران لە نێوان دەوڵەتە ئیستعمارییەکان، تورکیا لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیدا لە سەرەتای سەدەی بیستەوە، ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکان و ئەورووپا، ھەروەھا سیاسەتە ئاوی و کشتوکاڵییەکانی تورکیا و بنیاتنانی چەندین بەند لەسەر ڕووباری دیجلە و فوڕات کە گرنگن بۆ ژیانی سووریا و عێراق و ھاتنە ناوەوەی سەربازی تورکیا لە باکووری عێراق کوردستانی عێراق، بوو بەھۆی زیادبوونی تەنگەژەی سیاسی بە تایبەت لەگەڵ عێراق، ھەروەک کێشەی ھەرێمی ئەسکەندەرۆنە کە ناکۆک بوون لەسەری لەگەڵ سووریادا و تۆمەتارکردنی سووریا لەلایەن تورکیاوە بەوەی یارمەتی پارتی کرێکارانی کوردستانی ڕاگیراو دەدات لەوەدابوو کە بگاتە ناکۆکی سەربازی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.

لە دوای ئەوەی پارتە ئیسلامییە میانڕەوەکان حوکمی تورکیایان گرتە دەست لەم ساڵانەی دواییدا، تورکیا ھەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی دا لەگەڵ دراوسێکانیدا بە تایبەت عەرەب، تورکیا دژی سیاسەتی دروستکردنی کۆمەڵگە جێنشینەکانی ئیسرائیل و ھەڵمەتە سەربازییەکانیان لە دژی خەڵکی فەلەستین وەستاوە چەندین جار، و لە ساڵانی دواییدا پەیوەندی سووریا و تورکیا پێشکەوتنێکی گەورە و گرنگی بە خۆیەوە بینیوە لە زۆر ڕووەوە، لە سیاسەت و ئابوری و گەشت وگوزارەوە و چەندین ڕێکەوتننامەی گەورە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بەستراوە کە پەیوەنییەکانیان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، و زانکۆی حەلەب لە سووریا دکتۆرای فەخری بەخشی بە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆگان لەبەر ھەڵوێستە جوانەکانی بەرامبەر کێشە عەرەبییەکان، بە تایبەت ھەڵوێستە جوامێرانەکەی بەرامبەر شەڕی ئیسرائیل لەسەر غەزە و بە ھەمان شێوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەموو وڵاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەکان بە تایبەتی بەرو پێش چووە و ئەردۆگان سەرۆک وەزیرانی تورکیا چەندین خەڵات و دکتۆرای فەخری لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پی بەخشراوە، ھەروەھا تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا ڤیزەی لابردووە لە نێوان خۆی و زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا.

                                     

6. دابەشبوونی کارگێڕی

بۆ زانیاری تەواو دەربارەی شار و شارۆچکەکانی تورکیا، سەردانی پێرستی شارەکانی تورکیا بکە.

ناوچەکان

تورکیا لە ڕووی کارگێرڕییەوە دابەش دەبێت بۆ حەوت ناوچە، کە ئەمانەی خوارەوەن؛

  • ناوچەی مەدیتەرانە
  • ناوچەی مەڕمەڕە
  • ناوچەی ئێژە
  • ناوچەی ئاناتۆلیای ناوەندی
  • ناوچەی ئاناتۆلیای باشووری ڕۆژھەڵات
  • ناوچەی دەریای ڕەش
  • ناوچەی ئاناتۆلیای ڕۆژھەڵات

پارێزگاکانی تورکیا

تورکیا لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش دەبێت بۆ ٨١ پارێزگا، ئەم لیستەی خوارەوە ١٠ گەورەترین پارێزگاکانی ئەو وڵاتەن؛

                                     

7. ئابووری

ناوەندە پیشەسازی و بازرگانییە تورکییەکان چڕ دەبنەوە لە دەوری ناوچەی شاری ئەستەنبوڵ و شارە گەورەکانی تر بەتایبەت لە ڕۆژئاوادا، و جیاوازییەکەی گەورە ھەیە لە ئاستی گوزەران و بارودۆخی ئابوری لە نێوان ڕۆژئاوای پیشەسازی و ڕۆژھەڵاتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتەدا، کەرتی کشتوکاڵ بە گەورەترین کەرت دادەنرێت لە ڕووی بەکاربردنی کرێکارەوە کە نزیکەی ٤٠٪ لە ھێزی ئیشکەری وڵاتەکە پێک دەھێنێت، بەڵام نزیکەی ١٢٪ لە بەرھەمی نەتەوەیی بەرھەم دەھێنێت، کەرتی پیشەسازی نزیکەی ٢٩٫٥٪ بەرھەم دەھێنێت و کەرتی خزمەتگوزارییەکان ٥٨٪، ٥ بەرھەمی نەتەوەی تورکیا بەرھەم دەھێنێت، لە کەرتی پیشەسازیدا ٢٠٫٥٪ ھێزی ئیشکەر ئیش دەکەن و ٣٣٪، ٧ لە کەرتی خزمەتگوزاریدان.

وڵات دووچاری ئەزمەی ئابووری بوویەوە لە ساڵەکانی ١٩٩٤ و ١٩٩٩و ٢٠٠١دا کە بوونە ھۆی داڕمانی لیرەی تورکی تا نزمترین ئاستی و لە ساڵی ٢٠٠٥ لیرەی تورکی نوێ جێگەی گرتەوە.

  • گرنگترین پیشەسازییەکانی لە تورکیادا چنین و کەرەستە خواردەمەنییەکان و خواردنەوەکان و کارەبایییەکان و ئۆتۆمبێل و کیمیایەکانە.
  • گرنگترین سەروەتە کانزایییەکانی کە لەسەر خاکەکانی تورکیا ھەیە؛ خەڵوزی بەردین، خەڵوزی ڕوەکی، ئاسن، قوڕقوشم، مس و زیوە، ھەروەھا تورکیا بە یەکێک لە گەورەترین بەرھەم ھێنەکانی کرۆم دادەنرێت لە جیھاتدا، و پاشەکەوتێکی نەوتی بچووک ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی وڵاتەکە.
  • لە گرنگترین بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی تورکیا؛ لۆکە، چا، زەیتون، ترێ، ترشەمەنییەکان، میوە، سەوزە، گەنم و جۆیە، و تورکیا گەورەترین بەرھەمھێنی بووندقە لە جیھاندا.
                                     

7.1. ئابووری گەشت و گوزار لە تورکیادا

گەشت وگوزار یەکێک لە پایە ئابورییەکانی تورکیا پێک دەھێنێت بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، ئاژانسی ھەواڵی تورکی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ژمارەی سەردانکەرە ھاتووەکان بۆ تورکیا گەیشتووەتە ٣٠، ٩٢٩، ١٩٢ کەس لە ساڵی ٢٠٠٨، و داھاتیان بۆ تورکیا بە بڕی ٢١٫٩ ملیارد دۆلار بووە، کەنارەکانی باشووری ناوبانگی ھەیە بە جوانی سروشتەکەی و کەنارە درێژبووەکانی بە شێوەیەک کە ئەناسرێت بەناوی ڕیفیرای تورکی وەک لێچواندنێک بە ڕیفێرای فەڕەنسی، ھاوکات لەگەڵ چەندین ناوچەی گەشت وگوزاری‌تر لە تورکیادا.

                                     

8. پەیوەندییەکان و گواستنەوە

کۆمپانیای پەیوەندییەکانی تورکی Türk-Telekom خاوەن و تاکە ھەڵسوڕێنەری ھێلی پەیوەندییە نۆرماڵەکانە، و چەندین کۆمپانیای تایبەت ھەن بۆ بەگەڕخستنی ھێڵەکانی مۆبایل لەوانە تورک سێڵ و ئەڤیا turkcel,aveya.، و ژمارەی بەشداربووانی ھێڵی مۆبایل بە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس ئەخەمڵێنرێت.

                                     

8.1. پەیوەندییەکان و گواستنەوە گواستنەوە

تورکیا شوێنێکی زۆر ھەڵکەوتووی گرنگی ھەیە لە نێوان ھەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا کە گرنگییەکی گەورە دەدات بە کەرتی گواستنەوە لە ڕووی ئابورییەوە، گواستنەوە وشکانییەکان بەزۆری لەسەر ڕێگەوبانەکانە بەڵام سکە ئاسنینەکان بەکاردێن بۆ ماوەی دیاریکراو گواستنەوەی شت ومەک، سەرمایەی حکوومەت لە کەرتی گواستنەوە و گەیاندن گەیشتووەتە ڕێژەی ٢٧٪، ٣ لە ساڵێکدا کە ئەمەش گرنگی ئەم کەرتە ڕوون ئەکاتەوە، و ڕێژەی ١٤٪ بەرھەمی گشتی نەتەوەیی دەوڵەت پێک دەھێنێت بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٠٠.

  • ڕێگەی وشکانی؛ کۆی ڕێگە وشکانییەکان ئەگاتە ٤١٣، ٧٢٤کم، لەمەش ١، ٨٠٠کم ڕێگەی خێرایە و ٦٢، ٠٠٠کم ڕێگەی ئاسایییە و ٣٥٠، ٠٠٠کم بە ڕێگە گوندییەکان ناو دەبرێت، گرنگترین ڕێگەی وشکانی ئەوەیە کە ئەستەنبوڵ بە ئەنقەرەوە دەبەستێت، و ڕێگەی گازی ئانتەپ – ئادانا و ڕێگە کەنارییەکان و ڕێگەی ئیزمیر – مانیسایە.
  • میناکان؛ گرنگترین میاناکانی وڵاتەکە لە ئەستەنبوڵ و ئیزمیر و ئەدەنەدایە، وھاتوچۆیەکی دەریایی چڕوپڕ ھەیە ل نێوان ھەردوو بەشی ئاسیایی و ئەوروپی دا و جۆڵەیەکی گرنگی شتومەک ھەیە لە نێوان شارە تورکییەکانی سەر دەریای ڕەش و ڕووسیا و ئۆکرانیا و ڕۆمانیا و بولگاریا و لە نێوان شارەکانی سەر دەریای ناوین و قوبرس و یۆنان.
  • فڕۆکەخانەکان؛ ھێلی ئاسمانی تورکی، کۆمپانیایەکی فەڕمییە کە موڵکی دەوڵەتە و ساڵی ١٩٣٣ دامەزراوە، و لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێگە درا بە دامەزراندنی کۆمپانیای تایبەت لەم بوارەدا، لەوانە، ئۆنور ئایەر Onur Air، ئەتڵەس جەت Atlasjet و سەن ئیکسپرێس SunExpress، و ٣٨ فڕۆکەخانە ھەیە لە تورکیادا، لەوانە چواردەیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتین و گرنگترینیان فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی نێودەوڵەتییە لە ئەستەنبوڵ، و١٥ ٦ بەندەری دەریایی ھەیە لە تورکیا، کە گواستنەوەی شتومەک تێیدا گەیشتووەتە١٠، ٤٤٤، ٦٦٣ تەن.
  • شەمەندەفەر؛ درێژە ھێڵی سکە ئاسنییەنەکان ئەگاتە ١٠، ٥٠٠کم، ٢٠٪ کارەبایین، و خەتی ئاسنینی خێرا ھەیە لە نێوان ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە.
                                     

9. ڕۆشنبیری

ڕۆشنبیری تورکیا ھەمەجۆرە و تێکەڵێکە لە ڕەگەزە تورکییە جیاوازەکانی ئوغوز، ئەنادۆڵ و عوسمانی کە ئەمە لە خۆیدا بەردەوامی ھەریەک لە یۆنانی و ڕۆمانی و ڕۆشنبیرییە ئیسلامییەکان و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی و داب و نەریتەکانە، کە دەستی پێکرد لە بەڕۆژئاوابوونی عوسمانییەکان و ئیمپڕاتۆرییەتەکەیان و بەردەوامە ھەتا ئێستا، کە ئەم تێکەڵبوونەش لە خۆیدا دەرئەنجامی بەیەکگەیشتنی تورکەکان و ڕۆشنبیرییەکەیان بوو لەگەڵ ئەو نەتەوانەی لە کۆچکردنەکەیاندا پێیان گەیشتن لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ڕۆژاوا.

ھۆکارە مێژوویییە ھەمەجۆرەکەی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە دیاریکردنی پێناسی تورکیای نوێ، ڕۆشنبیری تورکی بەرھەمی ھەوڵێکە بۆ بوون بە دەوڵەتێکی نوێی ڕۆژئاوایی لەگەڵ پاراستنی ئاکارە ئیسلامی و مێژوویەکانیان. حکوومەت بەردەوام بوو لەسەر چەند بابەتێکی زۆری ھونەرە جوانەکان لە سەرەتای کۆماری تورکییەوە، وەک مۆزەخانەکان و شانۆکان و ئۆپێرا و ئەندازەی تەلارسازی.

                                     

9.1. ڕۆشنبیری ھونەر و ئەدەب

مۆسیقای تورکی و ئەدەبەکەیان ئاوێتەیەکی گەورە پێک دەھێنێت لە ڕووی کاریگەری ڕۆشنبیرییەکان، کە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی دەوڵەتی عوسمانی و جیھانی ئیسلامییە لەگەڵ ئەورووپادا، ئەمەش یارەمەتی دروستبوونی بەرھەمێکی داوە کە ئاوێتەیەک بێت لە تورکی و ئیسلامی و نەریتە ئەوروپییەکان، ھەروەھا ئەدەبی تورکی کاریگەری ئەدەبی فارسی و عەرەبی لەسەر بووە لەسەردەمی عوسمانییەکان، بەشی زۆری ئەدەبی تورکی بەو زمانە تورکییە نوسراوە کە لە سەردەمی عوسمانییەکان بەکارھاتووە، و بابەتەکانی پەیوەستن بە ئایین و ژیان، بەڵام ئەدەبی تورکی نوێ بایەخ دەدات بە شێوەیەکی فراوان بە بیری نەتەوەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مێژووی تورک؛ و بەپێی لێکۆڵینەوەکان ٧٠٪ی دانیشتووانی تورکیا ھۆگرن بە خوێندنەوە.

                                     

9.2. ڕۆشنبیری بیناسازی

گرنگترین ئەو ئیشانەی تورکیا لە بواری ھونەردا بە ئەنجامی گەیاندووە لە بواری بیناسازییدایە، ئەو ڕەگەزە تەلارسازیانەی ئێستا لە تورکیادا ھەیە، شایەدن لەسەر تێکەڵبونێکی گەورە لە نێوان نەرێتەکاندا بە درێژایی سەدەکان، لەگەڵ بوونی چەندین پاشماوەی بیزەنتی لە شوێنە جیاوازەکانی تورکیا لە ھەمانکاتدا چەندین شاکاری تەلارسازی عوسمانی ئەبینرێت، لە ئیستەنبوڵدا کەنیسەی ئایا سۆفیا ھەیە، کە نموونەیەکە لە بیناسازی بیزەنتی و لە سەدەی شەشی زایینیدا بنیاتنراوە ئەو کاتانەی تورکیا بەشیک بوو لە ئیمپڕاتۆڕی بیزەنتی، بەڵام لە دوای فەتحی عوسمانییەکان ئەم کەنیسەیە گۆڕا بۆ مزگەوت ھەر بە ھەمان ناوەوە.

چەندیین مزگەوت بنیاتنراوە لە تورکیا و لە ناو ئەنادۆڵدا لە سەدەی سیانزەی زایینی، و زۆربەی منارەکان بە شێوازی تەلارسازی فارسی و عەربی نەخشێنراون، لە ھەمان کاتدا چەندیین بینای جوانی‌تر ھەیە کە مێژووی بنیاتنانییان ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی، و مزگەوتی سولەیمانی لە ئیستەنبوڵ بە نموونەیەکی باڵای تەلارسازی و یەکێک لە جوانترین مزگەوتەکانی جیھان دادەنرێت، ھەروەھا سەدان ساڵە ھونەرسازەکانی تورکیا سەرقاڵن بە دروستکردنی ئیشە جیاوازەکانی سیرامیکەوە، لە گرنگترین ناوەندەکانی سیرامیک ناوەندی کوتاھیەیە لە بەرزایییەکانی ئەنادۆڵ، بە ھەمان شێوە نەخشە سازی و ئیش چنین جێگەیەکی دیاری ھەیە لە نێوانیاندا.

                                     

9.3. ڕۆشنبیری جەژن و پشووە فەڕمییەکان

  • ١ی کانوونی یەکەم – سەری ساڵی زاینی
  • ٢٧ ڕەجەب – ئیسرا و میعراج
  • ١ی ئایار – ڕۆژی کرێکار
  • ٢٣ی نیسان – جەژنی نیشتمانی
  • ١٢ ڕەبیع لئەوەل – لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیسلام د. خ
  • ٣٠ی ئاب - جەژنی سەرکەوتن
  • ١٩ی ئایار – ڕۆژی لاوان
  • ٢٩ی تشرینی یەکەم - ڕۆژی کۆمار
  • ١ شەوال – جەژنی ڕەمەزان
  • ١ موحەڕەم – سەری ساڵی کۆچی
  • ١٠ زولحەجە – جەژنی قوربان
                                     

9.4. ڕۆشنبیری وەرزش

جەماوەریترین وەرزش لە تورکیادا تۆپی پێیە، و ناودارترین یانەکانیان، گاڵتەسەڕای و فەنەرپاشە و بجیکتاشە، لە ساڵی ٢٠٠٠ گاڵتەسەڕای کاسی یەکێتی ئەوروپی و کاسی سوپەر ئەوروپی بە دەست ھێنا، و دوای دوو ساڵ ھەڵبژاردەی تورکی سەرکەوت بۆ قۆناغی کۆتایی کاسی جیھانی ساڵی ٢٠٠٢ لە ژاپۆن و کۆریای باشوور، و ساڵی ٢٠٠٨ ھەڵبژاردەی نەتەوەیی تورکی گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی لە کاسی ئەورووپادا.

لە وەرزشە سەرەکییەکانی تر باسکێتە، ھەروەھا زۆرانبازی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە وەرزشی باوی تورکیایە و جەماوەرێکی زۆری ھەیە، ھاوکات بەرزکردنەوەی بەرزایی لە نێوان ھەردوو ڕەگەزی ژنان و پیاواندا لایەنگری ھەیە، وەرزشی ئۆتۆمبێل و پێشبڕکێ بە ھەمان شێوە لایەنگری خۆیان ھەیە.

                                     

9.5. ڕۆشنبیری فێربوون لە تورکیادا

نزیکەی لە ٢٥٪ تورکیا لە تەمەنی خوێندنی ناچاریدان کە دەست پێدەکات لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە تا تەمەنی ھەژدە ساڵی، و لە دوای قۆناغی سەرەتایی دەچنە قۆناغی ناوەندییەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ، و ڕێژەی نەخوێندەواری لە تورکیادا ٦٪ لە نێو پیاواندا و ١٨٪ لە نێو ژناندا لە کۆی ژمارەی دانیشتووان بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٠.

لە تورکیادا ٥٣ زانکۆی حکومی و ٢٤ زانکۆی تایبەتی باوەڕپێکراو ھەیە، و نزیکەی ١٦ ھەزار خوێندکاری بیانی ھەیە کە زۆربەیان لە وڵاتەکانی ئاسیای ناوەڕاستەوە ھاتوون بە کاریگەریان بە ڕۆشنبیری تورکی.

لەگەڵ ئەوەی زۆربەی دانیشتووانی تورکیا موسڵمانن، ڕێگری فەڕمی ھەیە لەسەر پۆشینی لەچک لە خوێندنگە و زانکۆ و دامەزراوە فەڕمییەکاندا، ئەم یاسایە جێبەجێکراوە بە درێژبوونەوە بیری کەمالی بانگەوازکاری عیلمانی بۆ ئەوەی خوێندنگە و زانکۆکان بەتاڵ بکاتەوە لە کاریگەری ئاینی ئەگەر تەنھا بە ڕووکەشیش بێت، ناڕەزایییەکی توند ھەیەیە بۆ ئەم یاسایە لەلایەن دانیشتووانە پارێزگارەکانییەوە لەبەرئەوەی ڕێگە لەو سەربەستییە ئایینییە دەگرێت کە دەستورەکەیان ڕێگەی پێداوە، وئەم بابەتە چەندین جار مشتومڕی لەسەر کراوە.

                                               

شێرپەنجە لە تورکیا

شێرپەنجە لە تورکیا ئاماری حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە تورکیا. لە ساڵی ۲۰۱٨دا، ۲۱٨ هەزار و ٥۲۷ کەس بە نەخۆشی شێرپەنجە لە تورکیا دەستنیشانکران و ۱۱٦ هەزار و ۷۱۰ کەس گیانیان لەدەستدا.

ڕێکخراوەی ھەواڵگریی نیشتمانی (تورکیا)
                                               

ڕێکخراوەی ھەواڵگریی نیشتمانی (تورکیا)

ڕێکخراوەی ھەواڵگریی نیشتمانی ڕێکخراوەی ھەواڵگریی حکوومەتی تورکیایە. لە ساڵی ١٩٦٥ دامەزرێنراوە تا لەجێگای خزمەتگوزاریی ئاسایشی نیشتمانی دابنرێت.

Free and no ads
no need to download or install

Pino - logical board game which is based on tactics and strategy. In general this is a remix of chess, checkers and corners. The game develops imagination, concentration, teaches how to solve tasks, plan their own actions and of course to think logically. It does not matter how much pieces you have, the main thing is how they are placement!

online intellectual game →